Popular Posts

Friday, 12 August 2011

بەڕێوەبەرى پەروەردەى هەولێر: ساڵی نوێی خوێندن لە 10ى مانگى داهاتوو دەست پێ دەكات



هەولێر 12 ئاب/ئۆگستس (ئاكانیوز) ـ بەڕێوەبەرى پەروەردەى هەولێر راى گەیاند، ساڵی نوێی خوێندن لە 10ى مانگى داهاتوو دەست پێ دەكات و شیمانەى هەیە كاتى وانەكانى قۆناخى ئامادەیی بۆ 50 خولەك زیاد بكرێ. 

عەبدوڵا سابیر ئەمڕۆ هەینی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بۆ ئەوەى زووتر دەست بەخوێندن بكرێ و قوتابخانەكان ئامادەكاریی خۆیان بۆ دابەشكردنى پەرتوك بكەن، ساڵی ئەمساڵ نوێی خوێندن 5 رۆژ زووتر لە ساڵانی پێشوو دەست پێ دەكات. 

ئاماژەى كرد، ساڵی خوێندنی (2011 ـ 2012) لە 10 ئەیلوول/سێپتێمبەرى داهاتوو دەست پێ دەكات و پێویستە هەموو قوتابخانەكان لەو 5 رۆژەدا پەرتووك و خشتەى وانەكان و دابەشكردنى وانەكان بەكۆتا بێنن، هەروەها پێویستە پرۆسەى خوێندنى وانەكان لە 15ى هەمان مانگ دەست پێ بكرێ.

سابیر گوتى، پڕۆگرامە تازەكانى خوێندن كە ئەمساڵیش كتێبی چەند قۆناخێك دەگۆڕدرێ پێویستی بەكاتى زیاتر هەیە و هەروەها سیستمى تازەى تاقیكردنەوەكان زیاتر پشت بەچالاكى پۆل دەبەستێ، بۆیە پێویست بوو ماوەى خوێندنی ئەمساڵ زیاتر بكرێ.

بەڕێوەبەرى پەروەردەى هەولێر ئاشكراى كرد، لەبەرنامەدایە كە كاتى وانەى قۆناخى ئامادەیی زیاد بكرێ، ئێستە هەر وانەیەك لە 40 خولەك پێك دێ، بەڵام ئەگەر بینایەی تەواومان هەبێ ئەو كات بۆ قۆناخى ئامادەیی وانەكان دەكەینە 50 خولەك.

لەبارەى ئامادەكارییەكانى ساڵی خوێندنى نوێ سابیر گوتى، لەگەڵ دەسپێكی ساڵی تازەى خوێندن لێژنەیەكمان پێك هێناوە بۆ بەسەركردنەوەى هەموو قۆتابخانەكانى سنوورى پەروەردەى هەولێر، تا لە نێزیكەوە كەموكوڕی ئەو قوتابخانانەن بكۆڵنەوە، ئەو لێژنەیە دواتر راپۆرتى خۆى بەرز دەكاتەوە و بەپێی راپۆرتەكە كێشەكان چارەسەر دەكرێن. 

دەوترێ، پێشتر سەرى ساڵی خوێندنى لە 1ى تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرى هەموو ساڵێك دەستی پێ دكرد، دواتر ماوەى چەند ساڵێك بوو لە 15ى ئەیلوول/سێپتێمبەردا دەستی پێ دەكرد، ئەمە یەكەم ساڵە ساڵی نوێی خوێندن لەو كاتەدا دەست پێ دەكات. 

محەمەد عەبدوڕەحمان


No comments:

Post a Comment