Popular Posts

Monday, 8 August 2011

مژده‌ بۆ ده‌رچوانی زانکۆکان و گه‌نجانی کوردستان: له‌ ئاینده‌یه‌کی زۆر نزیکدا خولی سێیه‌می به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاده‌گه‌یه‌نرى



مژده‌ به‌ ده‌رچوانی زانکۆکان و گه‌نجانی کوردستان ده‌ده‌ین که‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی زۆر نزیکدا خولی سێیه‌می پێشکه‌شکردن بۆ به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاده‌گه‌یه‌نین. داواکارین له‌و خوازیارانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت بۆ خولی سێیه‌م داواکاری پێشکه‌ش بکه‌ن با له‌ ئێستاوه‌ خۆیان ئاماده‌بکه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ ڕێگای ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و پێداویستیانه‌ی که‌ له‌ پێشبڕکێکه‌دا سوودی لێوه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ش بریتین له‌:

1.ئه‌نجامدانی یه‌کێک له‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی (TOEFL, IELTS, PASSWORD, PEARSON, ESOL).

2.هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئۆفه‌ری خوێندن له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆ پێشکه‌وتووه‌کانی دونیا که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ وه‌ک لیستی تواناسازی باوه‌ڕیپێکراوه‌.

مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتن بریتیین له‌ هه‌مان مه‌رجه‌ گشتییه‌کانی به‌رنامه‌ی تواناسازی، واته‌ ده‌بێت پێشکه‌شکار کۆنمره‌ی به‌کالۆریۆسی له‌ ٦٥% که‌متر نه‌بێت یان له‌ چاره‌کی یه‌که‌می ڕیزبه‌ندی ده‌رچوانی خوله‌که‌یدا بێت. ئه‌گه‌ر هاتوو پێشکه‌شکار توانی له‌ یه‌کێک له‌ باشترین (٢٥) زانکۆکه‌ی دونیا (به‌پێی لیستی شانگهای بۆ ریزبه‌ندیکردنی زانکۆکانی جیهان) ئۆفه‌ری بێمه‌رج به‌ده‌ستبهێنێت و له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی تۆفلی توانستی زمانی ئینگلیزیدا نمره‌ی (٥٥٠) به‌ده‌ستبهینێت، ئه‌وا له‌ مه‌رجی کۆنمره‌ ده‌به‌خشرێت و ده‌چێته‌ پێشبڕکێوه‌.

هاوکات پێویسته‌ ته‌مه‌نی پێشکه‌شکار بۆ خوێندنی ماسته‌ر له‌ ٣٥ ساڵ و بۆ خوێندنی دکتۆرا له‌ ٤٠ ساڵ زیاتر نه‌بێت.

بۆ ئاگاداریتان له‌ خولی سێیه‌مدا پێنج خاڵی زیاد ده‌به‌خشرێته‌ که‌سوکاری پله‌ یه‌کی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان.

له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا کۆی مه‌رجه‌کانی پاڵاوتن و سیسته‌می خاڵبه‌ندی نوێ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ داواتان لێده‌که‌ین که‌ به‌رده‌وام سه‌ردانی ماڵپه‌ری سه‌ره‌کی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بکه‌ن.

Source: krg.org


No comments:

Post a Comment