Popular Posts

Wednesday, 7 September 2011

بە پەلە . . . بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی خۆپێشاندانێك دژی بۆردمان دەستی پێ كرد


Ph By: Hazher Yahia

07/09/2011 11:11

هەولێر 7 ئەیلوول/سێپتێمبەر (ئاكانیوز)– كەمێك بەر لە ئێستە بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی خۆپێشاندانێكی نارەزایی دەربڕین بەرامبەر بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران و توركیایەوە، بۆ بەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر دەستی پێ كرد.

خۆپێشاندەران بەگوتنەوەی دەیان هوتاف و بەرزكردنەوەی چەندان دروشمی ناڕەزایی لە بەردەم دەرگەی پاركی سامی عەبدولڕەحمان بۆ بەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر لە رێگەدان.

كەمپینی "شەقام لەپێناو نیشتمان" وەك پێشتر رای گەیاندبوو سەرپەرشتیی خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ چوارشەم دەكات.

هێمن فەرید یەكێك لە رێكخرانی خۆپێشاندانەكە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، خۆپێشاندەران لە هەزاران هاووڵاتی، چالاكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پەرلەمانتارانی كوردستان و كەسایەتیی سیاسیی پێك هاتوون.

هەروەها گوتی، ئەنجامدانی ئەم خۆپێشاندانە نارەزایی دەربڕینە بەرامبەر بەردەوامبوونی ئێران و توركیا لە بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی بۆردمان، لە رۆژانی داهاتوودا نارەزایی دەربڕینەكان درێژە پێ دەدەین.

ئێران لە 16ی تەمووز/یۆلیۆی رابردووەوە بەهێزێكی بەربڵاوەوە بەناوی لێدانی چەكدارانی پژاك بەتۆپ و باوەشێنكە هێرش دەكاتە سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، توركیایش لە 17 ئابی رابردووەوە بەبیانوونی بوونی چەكدارانی پەكەكە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكان دەست پێ كردووە، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان ماڵبات، 12 هاووڵاتی هاتوونەتە كوشتن.

لای خۆیەوە نیاز عەبدوڵا یەكێكی تر لە رێكخرانی خۆپێشاندانەكە، بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، خۆپێشاندەران یاداشتێكی نارەزایی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا بەمەبەستی راگرتنی بۆردمانەكان بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

وریا جەلال یەكێك لە خۆپێشاندەران بۆ (ئاكانیوز) ئاماژەی دا، بەشداریی ئێمە لەم خۆپێشاندانە لە پێناو خاك و نیشتمامانە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك ناڕەزاییی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر بەردەوامبوونی بۆردمانەیلی سنوور.

رۆژی یەكشەمەی رابردوو كەمپینی "شەقام لەپێناو نیشتمان" كە لە ژمارەیەك لە چالاكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیی پێكیان هێناوە، هاتە راگەیاندن.

لە فریاد محەمەدەوە. نووس: سەرباز ساڵح


No comments:

Post a Comment