Popular Posts

Sunday, 18 September 2011

دووشەمی داهاتوو یەكەمین كۆڕبەندی ئابووریی ئیتاڵیی كوردستانی لە هەولێر دێتە ساز كردن



هەولێر 16 ئەیلوول/سێپتێمبەر (ئاكانیوز) ـ بڕیارە دووشەمى داهاتوو زیاتر لە 40 بازرگانی ئیتاڵی بەشداریی لە یەكەمین كۆڕبەندی ئابوورییی ئیتاڵیی كوردستانی بكەن.

دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، یەكشەمی داهاتوو شاندێكی كۆمپانیایەیلی ئیتاڵی كە لە 40 بازرگان پێك دێ و نوێنەرایەتی 15 ژووری بازرگانی دەكەن بەمەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەیلی ئابووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا بگەنە هەولێر.

خەیات گوتی، ژمارەیەك كۆمپانیای ئیتاڵی كە لەگەڵ ئەو شاندەن بۆ یەكەمجارە سەردانی هەرێم دەكەن، دەیانەوێ لێرە لقی خۆیان بكەنەوە بۆ ئەوەى كاری وەبەرهێنان بكەن، هاوكات لەگەڵ هاتنى ئەو شاندەدا دەزگایەكی هاوبەشی بازرگانییی كوردی ئیتاڵی دروست دەكرێ بۆ ئەوەی پێوەندییی ئابووری زیاتر پتەوتر بكرێ.پتر گوتى، بۆیەكەمجار بۆ ماوەی 2 ڕۆژ لە شاری هەولێر كۆڕبەندێكی ئابوورییی ئیتاڵیی كوردستانی لە نێوان بازرگانەیلی ئەو وڵاتە و هەرێم بەڕێوە دەچێ.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر روونى كردەوە، سەرمایەدارەیلی ئیتاڵیا ئارەزوویانە لەگەڵ كۆمپانیا و كارسازەیلی هەرێم گەشە بەهەلی نوێی كار بدەن.

 فەتحی محەمەد ڕاوێژكاریی ئابووری و بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە(ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، شاندەكە ئێوارەی یەكشەمى داهاتوو دەگەنە هەرێم بۆ ماوەی 4 ڕۆژ دەمێننەوە.ئەو راوێژكارەى وەزارەتى بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ئاشكراى كرد، چاوەڕوان دەكرێ شاندەكە چاوی بەهەریەك لە سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمان بكەوێ.

لە: رێبین حەسەن. نووس: محەمەد عەبدوڕەحمان

No comments:

Post a Comment