Popular Posts

Friday 12 August 2011

لە هەولێر لە مانگی ڕەمەزاندا گۆرانیی ئایینی پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكرێت



بەگوێرەی گوتەی خاوەنتۆمارگەیەكی ئایینی لە هەولێر، لە مانگی ڕەمەزان و دوای ئەو مانگەیش ئەوەندەی پێشوازی لە گۆرانیی ئایینی دەكرێت، ئەوەندە گۆرانی ئەوینداری و ڕۆمانسی پێشوازی لێ ناكرێت.

لە بەرسیڤدا خاوەنتۆمارگەیەكی گۆرانیی ئەوینداری پێی وایە، گۆرانیی ئایینی نافرۆشرێت و قازانجی لێ ناكەن.

گۆرانیبێژێكی ئایینیش خۆشحاڵە بەو پێشوازییەی لە گۆرانیی ئایینیدا دەكرێت.

لە چركەیەكدا 5 تا 6 گەنج دەهاتن و داوای گۆرانیی ئایینی و گوتارەكانی ڕۆژانی هەینیـیان دەكرد. كاتێكیش لە خاوەن تۆمارگەیەكە دەپرسم، من لە ڕۆژنامەی "هەولێر"ـەوە بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەك هاتووم، لەبەر قەڵەباڵغیی دوكانەكە، بۆ ماوەیەكی زۆر چاوەڕوانیم كرد.

(مەحموود ڕەمەزان) خاوەنی تۆمارگەی (ئیخلاس) بۆ "هەولێر" گوتی: "لە ئێستادا ئەوەندەی پێشوازی لە گۆرانیی ئایینی دەكرێت، ئەوەندە پێشوازی لە گۆرانیی ئەوینداری ناكرێت.

من خۆم قازانجێكی زۆر لە فرۆشتنی ئەو گۆرانییانە دەكەم و هەموو جۆرە گۆرانییەكی ئایینی و گوتاری هەینییەكان لە لام دەست دەكەوێت.

لەبەر ئەوەی گەنجەكان ڕوو لە گۆرانی ئایینی دەكەن، بۆیە ئێستا ئەوانەی پێشتر گۆرانی دڵدارییان گوتووە، ئێستا گۆرانی ئایینی دەچڕن، نموونەیش (هەردی سەلاح) و (زانا جەبەلی)."

(ئەیاد محەممەد) یەكێكە لەو گۆرانیبێژە گەنجانەی خۆی بۆ گۆرانی ئایینی تەرخان كردووە و ناووبانگێكی باشی هەیە، لێمان پرسی چۆن پێشوازی لە گۆرانی ئایینی دەكرێت و لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوێت چەند قازانج دەكەیت؟ گوتی: "خەڵكێكی زۆر پێشوازی لە گۆرانییەكانی من و گۆرانییە ئایینییەكانی دیكە دەكەن، بەڵام من قازانج لە گۆرانییەكانم ناكەم، چونكە ئەو شوێنەی بڵاوی دەكاتەوە، هیچ كۆنتاكتێكم لەگەڵیدا نییە تاوەكوو لە قازانجی فرۆشتنی گۆرانییەكەدا منیش ببم بە بەشێك."

ئەو گۆرانیبێژە پێی باشە ئەو گۆرانیبێژانەی خۆیان تەرخان كردووە بۆ چڕینی گۆرانی دڵداری، ڕوو لە گۆرانی ئایینیش بكەن.

(بەشدار)ـی خاوەنی تۆمارگەی (ئەربائیلۆ) لە هەولێر پێی وایە گۆرانیی ئایینی بەو ڕێژەیە نافرۆشرێت، بۆیە ئەویش لە دوكانەكەیدا داینانێت: "لە لای من گۆرانیی ئایینی نافرۆشرێت و گەنجان پێشوازی لێ ناكەن، ڕەنگە ئەو تۆمارگەیەی خۆی بۆ فرۆشتنی گۆرانیی ئایینیش تەرخان كردووە، بە پێچەوانەی من قسە بكات و پێی وابێت پێشوازییەكی باشی لێ دەكرێت، بەڵام گۆرانیبێژ (سامی یووسف)ـم هەیە و گەنجان پێشوازی لێ دەكەن و دەنگی ئەویان پێ خۆشە."

كاتێك لە (مەحموود ڕەمەزان) دەپرسین، ڕۆژانە چەند سێدی لە گۆرانی و گوتاری هەینی دەفرۆشیت، دەڵێت: "سەد لە سەد نازانم ڕێژەكەی چەندە، بەڵام من خێرێكی زۆری لێ دەكەم، ئەگەر لەبەر چاو و زار نەبێت، ئێستا دەخیلەكەمم نیشان دەدایت و خۆت دەتزانی ڕۆژانە چەند دەفرۆشرێت.

لەبەر ئەوەی تۆ ڕۆژنامەنووسیت ناتوانم درۆت لەگەڵدا بكەم، ئەوەی من پێت دەڵێم ڕاستە و دەیشتوانیت لە تۆمارگەكانی دیكە بپرسیت یاخود خۆت بە چاوی خۆت بینیت چۆن پێشوازی لێ دەكرێت، هیوادارم تۆیش ئەو ڕاستییە باس بكەیت و پێچەوانەی نەكەیتەوە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتیشی: "ئەوانەی خۆیان بۆ چڕینی گۆرانی ئایینی تەرخان كردووە، بەرهەمەكانیان زیاتر دەفرۆشرێت لەو گۆرانیبێژانەی تەنیا یەك یان دوو گۆرانی ئایینیان چڕیوە، بۆ نموونە گۆرانییە ئایینییەكەی (هەردی) و (زانا جەبەلی) پێشوازی لێ دەكرێت، بەڵام بەرهەمەكانی (موسلم عەبدوڵلا قەسرێ) زیاتر دەفرۆشرێت، هۆكارەكەیش تەنیا ئەوەیە كە ئەو خۆی بۆ گۆرانیی ئایینی تەرخان كردوە.

دەمەوێت ئەوەیش بڵێم زۆرێك لەو گەنجانەی داوای گۆرانیی ئایینی دەكەن، ئەو بەرهەمانەیان دەوێت كە میووزیكی لەگەڵدا نییە و تەنیا بە دەف گۆرانییەكە دەچڕن."

(ئەیاد محەممەد) لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، هۆكاری پێشوازیكردنی خەڵك لە بەرهەمەكانی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كەوا ئەو تێكستەی هەڵیدەبژێرێت، شیاوە و وشەی نابەجێی تێدا نییە و دەڵێت: "من تەنیا گۆرانیی ئایینی ناچڕم، بەڵكوو گۆرانی بەسەر سرووشت و شتی دیكەیشدا دەچڕم، ئەو تێكستەی هەڵیدەبژێرم، وشەكانی شیاوە و شتی ورووژاندنی تێدا نییە، بۆیە پێشوازی لێ دەكرێت. بۆ نموونە من گۆرانی بەسەر دایكیشدا دەڵێم و گۆرانی شاییشم چڕیوە، بەڵام تێكستەكە شیاو و گونجاوە بە لای گەنجانەوە."

بەرانبەر بە قەڵای هەولێر، بازاڕێك هەیە بە ناوی بازاڕگەی (سەید عەزیز) و بە دەیان تۆمارگەی لێیە و بەردەوام ئەو شوێنە جمەی دێ لە گەنج. نهۆمی سەرەوە تایبەت كراوە بۆ ئەو تۆمارگەیانەی گۆرانیی دڵداری و هەڵپەڕكێ دەفرۆشن و كاتێك بەوێدا گوزەر دەكەیت، وا دەزانیت گەنجان تەنیا ڕوو لەو جۆرە گۆرانییانە دەكەن، وەلێ لە هەمان بازاڕگەدا و لە نهۆمی خوارەوە، چەندین تۆمارگە هەن كە تەنیا گۆرانیی ئایینی دەفرۆشن، كاتێكیش بەوێدا گوزەر دەكەیت، وا دەزانیت گەنجان تەنیا گوێ لە گۆرانیی ئایینی دەگرن.

ئاماده‌كردنی: كارزان گلی


Source: www.hawler.in




No comments:

Post a Comment