Popular Posts

Saturday 17 September 2011

به‌به‌شداری‌ 400 كۆمپانیا، هه‌فته‌ی داهاتوو پێنجه‌م پێشه‌نگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌



رۆژی 14 ى ئه‌یلول له‌هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی هۆتێل نۆبڵ له‌ هه‌ولێر، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ورده‌كاریی كردنه‌وه‌ی پێنجه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆكه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازیی‌ و وزه‌ خرایه‌ڕوو.

له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌با و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و بازرگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و كونسوڵی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ له‌هه‌ولێر ئاماده‌یبوون.

فادی‌ جریصاتی‌، نوێنه‌ری‌ كۆمپایای‌ (IFP) و سه‌رپه‌رشتیاری‌ پێشه‌نگاكه‌ رایگه‌یاند: پێشه‌نگاكه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ (IFP) سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت و به‌به‌شداری‌ 400 كۆمپانیای بیانی‌ و ناوخۆیی له‌ڕۆژانی‌ (19 بۆ 22)ی‌ ئه‌م مانگه‌، ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌دا حه‌مه‌ده‌مین هه‌ورامی‌ راوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: "له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌رتی‌ تایبه‌ت رۆڵی‌ به‌رچاوی‌ گێڕاوه‌ له‌ باشكردنی‌ ره‌وشی‌ كاره‌با، هه‌رێم له‌ هه‌وڵدایه‌ توانای‌ به‌رهه‌م هێنانی‌ كاره‌با له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ له‌ (1700) مێگاواته‌وه‌ بكاته‌ (شه‌ش) هه‌زار مێگاوات و ئه‌مه‌ش هه‌لێكی‌ باشه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌ ده‌توانن وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌دا بكه‌ن.

عه‌زیز ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ بازرگانی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیی‌ هه‌رێم وتی: ئێمه‌ پشگیریی‌ له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ئامانجی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كوردستان ده‌نرێن و كردنه‌وه‌ی‌ پێشه‌نگاكانیش هه‌نگاوێكه‌ له‌و پێناوه‌دا.

روونیشكرده‌وه‌: كۆمپانیاكان له‌ 20 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌، له‌بواری بیناسازیی له‌ عیراق 38 كۆمپانیا، فه‌ره‌نسا 2 كۆمپانیا، ئه‌ڵمانیا 22 كۆمپانیا، توركیا 50 كۆمپانیا، مالیزیا 7 كۆمپانیا، ئێران 24 كۆمپانیا، یۆنان 16 كۆمپانیا، ئیتاڵیا 44 كۆمپانیا، كوێت 2 كۆمپانیا، هۆڵه‌ندا 1 كۆمپانیا، ئیسپانیا 3 كۆمپانیا، تایوان 1 كۆمپانیا، ئیمارات 15 كۆمپانیا، چیك 1 كۆمپانیا، لوبنان 18 كۆمپانیا و میسریش 14 كۆمپانیا به‌شدارییان تێدا كردووه‌.

له‌بواری كاره‌باییات، عیراق 4 كۆمپانیا، چیك 1 كۆمپانیا، فه‌ره‌نسا 2 كۆمپانیا، هیند 1 كۆمپانیا، ئێران 36 كۆمپانیا، مالیزیا 1 كۆمپانیا، توركیا 30 كۆمپانیا، به‌ریتانیا 1 كۆمپانیا به‌شداریی له‌ پێشانگاكه‌دا ده‌كه‌ن.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌ی وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ وتیشی: ئه‌وه‌ پێنجه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌ ده‌كرێته‌وه‌، تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ 4 پێشانگای تریش ده‌كرێنه‌وه‌.

Source: xendan.org


No comments:

Post a Comment