Photo Credit: Shivan Sito |
ئەمڕۆ گرنگی هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان تەنها لەعێراق دەرناكەوێت، بەڵكو وەك هەرێمێكی كاریگەر لەناوچەكە ژمارەی بۆ دادەنرێت، چەندان وڵات كونسوڵخانەو نووسینگەی نوێنەرایەتیان لەهەولێری پایتەخت كردۆتەوە. پڕۆسەی وەبەرهێنان لەوپەڕی گەشەكردن دایە و كێبڕكێی گەورە لەنێوان سەدان كۆمپانیا بۆكاری وەبەرهێنان دروست بووە هیچ كام لەوشاندو سەركردانەی سەردانی عێراق دەكەن ئەگەر یەكەم وێستگەیان هەولێر نەبێت، ئەوا لە هەولێر قسەی خۆیان دەكەن.
هەڵبەت ئەوەی هەولێر وەك پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و ئابووری ناوچەكە دەرخستوە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێكی گرنگ ئەویش ئەو شێوە حكومڕانییەی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستانە كە ئاڕاستەی دەكات. ئەو شێوە حكومداریەی هەرێمی كوردستان بوەتە نمونەیەك بۆ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەجۆرێك لەماوەی ڕابردوودا جگە لەپارێزگای بەسرا چەندین پارێزگای دیكەش داوایان كردوە وەك هەرێمێكی فیدڕاڵ دانیان پێدا بنرێت و ئەو ئەزمونەی هەولێر بۆناوچەكانیان بگوازنەوە. لەلایەكی هەولێر خەمێكی گەورەتری لەسەر شانە بۆداهاتووی كوردستان، ئێستا هەر كوردێكی پارچەكانی دیكەی كوردستان بەئومێدەوە لەو پایتەختەی كوردستان دەڕوانێت و ئومێدی بەدی نەهاتوی پارچەكانی دیكەی لێوە دەبینێت. سەرباری ئەوانەش ئەو پایتەختە بوەتە كلیلی چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی عێراق بووتەوە، لەكۆی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە هەولێر بە نەخشە ڕێگاوە چارەسەریان بۆ دیاری دەكات، وەك ئەو دەستپێشخەریەی لە دیسەمبەری ڕابردوو لەلایەن سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان لەهەولێرەوە ئاڕاستەی لایەنەكانی عێراق كرا بۆدەرچوون لەو قەیرانەی عێراق لەماوەی هەشت مانگی بێ حكومەتی پێوەی دەناڵاند.
هەولێر كلیلی چارەسەر
هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەم جارەش وەك هەموو جارەكانی دیكە بەكلیلی چارەسەركردنی قەیران و ئاڵۆزیەكان دادەنرێت، لە ئێستادا كە عێراق تووشی تەنگەژەی سیاسی و شێوازی حكومداری بووە و لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێگە چارەیەك بۆیەكلاكردنەوەی پۆستە ئەمنیەكان و ئەنجومەنی سیاسەتە ستراتیژیەكان و چەند پرسێكی دیكەی ئەمنی و سیاسی. پڕۆسەكە بەجۆرێك ئالۆز بووە هیچ لایەنێك وەرەقەی ئەوی تر ناخوێنێتەوە، هیچ لایەك ئامادە نین بچوكترین مساوەمە لەبەرژەوەندی وڵاتدا بكەن، بەڵام لایەنەكان هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی كارا بكرێتەوە و بەندەكانی ئەو ڕێكەوتنامەی هەولێر بۆدەرچوون لەو قەیرانە جێبەجێ بكرێت، لایەنەكان سەرجەمیان بەئومێدەوە لەو دەستپێشخەریە دەڕوانن، سەرجەم كوتلەكان ڕەزامەندیان دەربڕیوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی عێراق وەكو سەركردەیەكی حەكیم و باوەڕ پێكراو لەڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەڕوانن، هەمیشە پێشبینەكانی سەرۆك بارزانی بۆداهاتوی عێراق بە هەند وەرگیراوە، بۆ قەیرانەكانیش چارەسەری پێبووە.
هەولێر وەك ناوەندی پێكەوە ژیانی نەتەوەكان
تەبای و پێكەوە ژیان بە ئەندازەی مێژووی قەڵاو منارە لەناو خەڵكی هەولێر ڕەگی داكوتاوە، چەندە هەولێر وەكو ناوەندی سیاسی و داهاتووی سیاسی كوردستان سەیری دەكرێت زیاتر لەوە پێكەوەژیانی هاوڵاتییان و ئەدیانەكان سەرنجی دەوروبەری ڕاكێشاوە. ئەمڕۆ موسوڵمانێك وەك كریستیانیەك، ئێزدیەك وەك سڕیان و ئاشوریەك ژیان دەگوزەرێنن، ئەوە لەكاتێكدا مەسیحیەكان لەعێراق و ناوچەكانی دیكە تیرۆر دەكرێن و ماڵ و حاڵیان ڵی تێكدەدرێت، ئەمڕۆ تەنها ئەزموونی هەرێم و هەولێر وەك پایتەختەكەی چاوی لێناكرێت، بەڵكو شێوە گوزەرانی هاووڵاتیان و چەمكە كۆمەڵایەتییەكانی تەبایی و پێكەوە ژیان و خزم دۆستی خەڵكی هەولێر بووەتە نمونەی باڵا.
ئەگەر سەیربكەین لەوڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەوروپا كەلوتكەی دیموكراسیدان، چەمكی تەبایی و پێكەوە ژیان هەندێك ئاڵۆزی پێوەدیارە، لەهۆڵەندا و فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كۆت و بەند لەسەر بەشێك لە ڕەفتارەكانی خەڵكی غەیرە مەسیحی بەتایبەت موسوڵمانەكان دادەنرێت، دوای ئەو پێشكەوتنە باڵایەی دیموكراسی و شارستانێتیە هێشتا سەبارەت بەو چەمكە پرسیار لەسەر شێوەی حوكمڕانی ئەو وڵاتانە دادەنرێت، بەڵام دەبینین لەهەرێمی كوردستان مزگەوت و كەنیسە ودێر بەتەنیشت یەكەوە هەن و ئەو تەبایی و پێكەوە ژیانەی هەولێر وەكو تابلۆیەكی بەهەشتی لێی دەڕواندرێت.
نموونەیەك بۆ پارێزگاكانی عێراق
سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات
Source: http://www.xebat.net
Follow Us:https://twitter.com/#!/ERBILCITYFANS
No comments:
Post a Comment