Popular Posts

Saturday 10 September 2011

گەشتیارە عەرەبەكان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش سەردانی هەولێر دەكەن

ماڵپەڕی پارێزگا: (شەن عەبدوڵا ئەحمەد) بەلایەنی كەمەوە مانگی جارێك سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات بۆئەوەی كچەكەی بەئازادی بە ناو پاركە سەرنجڕاكێشەكاندا بەبێ‌ ترسی بۆمب و تەقینەوە بگەڕێت، لەناو بازاڕە مۆدێرنەكانیشدا ئەو شتانە بكڕێت كەپێویستی پێیەتی.



 هەولێر شوێنێكی زۆرخۆش و پڕ لەئارامییە بۆ ئەو عێراقییانەی كەدەیانەوێت كاتێكی خۆش بەسەربەرن و دووربن لەتەقینەوە و توندوتیژی ڕۆژانەی شارەكانی دیكەی عێراقەوە. شاری هەولێریش وەك سەنتەری پاڕێزگا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ژمارەیەكی زۆر شابازاڕی تێدایە، ئەوە سەرەڕای قەڵای هەولێر، كەبەیەكێك لەدێرێنترینی ئەو شوێنانە دادەدەنرێت خەڵكی تێدا ژیاوە.

كوردستان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق جیاوازە، (شەن ئەحمەد) لەشاری تكریتی زێدی لەدایكبوونی دیكتاتۆری پێشووی عێراق(سەددام حوسێن) دەژێت. ئەو بۆ مەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و ئارام سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و دەڵێت:" كوردستان وەك وڵاتێكی سەربەخۆ وایە. ناوچەكانی دیكەی عێراق  نە ئاویان هەیەونەكارەبا. ئەو شتەی كەلەشوێنەكانی دیكەی وڵات زۆرە، تەنیا بۆمبە." ئەو خانمە لەگەڵ هاوسەرەكەی و كچە تەمەن 14 ساڵەكەی بەناوی (ڕەسان) لەناویەكێكە لەپاركەكانی نزیك قەڵای هەولێر دانیشتبوون و تام و چێژیان لەسەیركردنی فوارەكان وەردەگرت.(ڕەسان)یش دەڵێت:" ئێرە زۆرلەناوچەكانی دیكەی عێراق باشتر و خۆشترە. لێرە زیاتر ئازادین و دەتوانین بۆهەر شوێنێك بڕۆین كە دەمانەوێت. ڕۆژانەی من لەتكریت دووبارەیە، چونكە دەچمە قوتابخانە و دەگەڕێمەوە،  وانەكان دەخوێنم ودەخەوم. لێرە حەز ئەكەم بچم بۆبازاڕ و پاركە خۆش و سەرنجڕاكێشەكان."هەرێمی كوردستان ماوەی 20 ساڵ دەبێت دەستەڵاتێكی خۆبەڕێوەبردنی هەیە و توندوتیژی و تەقینەوەكانی پاش 2003 یش كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەری نەبووە. وەبەرهێنانی دەرەكی لەم هەرێمە بووەتە هۆی دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر شابازاڕی گەورە، ئوتێلی پێنج ئەستێرە، سەنتەری تایبەت بەوەرزش و تەنانەت شوێنی تایبەت بەیاری خلیسكانێی سەر سەهۆڵی داخراویش. بەڕێوەبەری گشتی گەشتووگوزاری هەرێم( مەولەوی جەبار):دەڵێت كەلەماوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا كەهەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، نزیكەی 152 هەزار كەس سەردانی ئەم هەرێمەیان كردو لەو ژمارەیەیش 99 هەزار كەس سەردانی پارێزگای هەولێریانكرد. ئەو ڕایشیگەیاند كە143 هەزار كەس لەو 152 هەزارە عێراقی بوون و لەناوچەكانی دیكەی وڵاتەوە هاتبوون، بەڵام 9 هەزار كەسەكەی دیكەیان لەئێران و توركیاوە هاتبوون. ئەو دەڵێت:" ئوتێلەكان و موتێلەكانمان لەهەرێمی كوردستان تەنیاجێی 50 هەزار كەسیان تێدا دەبێتەوە، بەڵام ئەم جەژنە ژمارەیەكی زۆر كەس سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، هەر بۆیەیش ئەو كەسانە لەكامپە گەشتیارییەكان مانەوە كەلەشەقڵاوە و خودی هەولێر دروست كراون."

ئاوێتەبوونی شتە كۆنەكان و نوێكان

شەڕوتوندوتیژی، دانیشتووانی ناوچەكانی دیكەی عێراقی بێزاركردووە. دوا تەقینەوە لەشاری هەولێر ڕووی دا لەمانگی ئایاری ساڵی 2007 دابوو و لەو كاتەیشەوە ئەو شارە دووربووە لەتەقینەوە و توندوتیژی. پاشانیش لەناوشاری هەولێر ئەو هەموو خاڵە پشكنیانە نین كەلەكوچە و كۆڵان و شەقامە سەرەكییەكانی شاری بەغدا دانراون. ڕێكەوتننامەی ئاسایشی نێوان ئەمەریكا و عێراق، جەخت لەوە دەكاتەوە كەسوپای ئەمەریكا لەكۆتای ئەمساڵدا خاكی عێراق بەجێ‌ بهێڵێت. هەربۆیەیش حكوومەتی عێراق تائێستایش خەریكی ئامادەكردنی هێزی سوپا و پۆلیسی وڵاتە بەشێوەیەك كەبتوانێت ڕووبەری گرووپە چەكدارەكانی ناوچە سوننە نشینەكان و میلیشیا شیعەكانی ناوچە شیعەنشینەكان ببێتەوە. هەرێمی كوردستانیش سوپای تایبەت بەخۆی هەیە، كەئەویش هێزی پێشمەرگەیە. سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران و فرۆكە جەنگیەكانی توركیا لەماوەی ڕابردوودا ناوچە سەرسنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیان بۆردومان كردووە. ئامانجی ئەو بۆردومانانە چەكدارانی ئەو هێزە كوردیانەی كەبۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی خەبات دەكەن، بەڵام ئەم بۆردومانانە بە هیچ شێوەیەك كاریگەرییان لەسەر هەولێر نەبووە.  لەشاری هەولێر ژمارەیەكی زۆر شتی دێرین و كۆن هەن، بەڵام شتی نوێی زۆریشی تێدایە، ئیدی هەر لەمزگەوتەوە بگرە تاكوو دەگاتە پاركە نوێكان. ئاوێتەبوونی ئەو شتەكۆن و نوێیانەیش وایكردووە كەسانی بەتەمەنیش پێیان خۆش بێت سەردانی بكەن و تێیدا بمێننەوە و كەسانی گەنجیش حەز بكەن. یاریدەدەری پزیشك (شەهێن ئەحمەد خالید)  لەگەڵ خانەوادەكەی لەشاری كەركوكەوە هاتووە بۆهەولێر بۆئەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئارامی و دوور لەتەقینەوە و توندوتیژیدا بكەن. ئەو دەڵێت:" هەولێر لەشارەكانی دیكە زیاتر ئارامە و شوێنێكی باشتریشە بۆگەشتووگوزاری."

كوردستان و جێگرتنەوەی وڵاتانی دراوسێ‌

هەندێك لەعێراقییەكان، باس لەوە دەكەن كەخۆپێشاندان و نائارامییەكانی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە وایكردووە ئەوانیش پلانی خۆیان تایبەت بەگەشتووگوزار بگۆڕن و سەردانی وڵاتانێ‌ دراوسێ‌ نەكەن.( عەزیز عەباس)ی تەمەن 50 ساڵی كارمەندی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە و لەشاری سامەڕاوە سەردانی هەولێری كردووە، ئەو گوتی:" هەندێك جار سەردانی توركیا و سووریا دەكەین، بەڵام ئێستا باری  ئاسایشی سووریا باش نییە و هەر بۆیەش پلانی گەشتیاری خۆمان گۆڕی. لەبری ئەوەی سەردانی سووریا بكەین، هاتین بۆئێرە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی هەولێر

Source: http://hawler.in 



No comments:

Post a Comment