Ph Credit: Gany Wayne |
تازەترین فیلمی سینەمایی “هۆڵیوود”، كە جارێ لە سینەماكانی ئەمەریكا نیشان نەدراوە، لە كوردستاندا دەست دەكەوێت و ڕۆژانە بە سەدان كەس بۆ بەدەستهێنانی ئەو فیلمە سینەماییانە ڕوو لە دوكانەكانی فرۆشتنی سێدی دەكەن.
بە گوێرەی گوتەی یەكێك لە خاوەندوكانەكانی سێدیفرۆشیش، ئەوان لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داونلۆدی دەكەن و هیچ سانسۆرێكیان لەسەر نییە و هەموو فیلمە سینەماییەكانی “هۆڵیوود”ـیش لە هەولێر دەست دەكەوێت، توێژەرێكیش پێی وایە، فیلمەكانی “هۆڵیوود” لە ڕووی چیرۆك و بابەتەوە بە وردی لەسەر ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزدارییانەی كە مرۆڤی هاوچەرخ لە دەستی دەناڵێێنێت، هەڵوەستە دەكات.(دی ڤی دی كینگ) ناوی ئەو دوكانەیە لە هەولێر كە ڕۆژانە بە سەدان كەس بە مەبەستی بەدەستهێنانی تازەترین فیلمی سێدی ڕووی تێ دەكەن و تەنیا بە بڕی 2000 دینار دەیكڕن.
(محەممەد قاسم) خاوەنی ئەو دوكانە، دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانن فیلمێك كە جارێ لە سینەماكانی ئەمەریكا نیشان نەدراوە، كەچی لای ئەوان دەست دەكەوێت و دەیفرۆشن، گوتی: "ئێمە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داونلۆدی دەكەین و بە نرخێكی هەرزان دەیفرۆشینەوە بە خەڵكی و پێشوازییەكی زۆر باشی لێ دەكرێت، بەڵام نابێت ئەوەتان لەبیر بچێت كە فیلمەكان ئۆرجییناڵ نین و تا ماوەیەكی زۆر بە شێوەی ئۆرجیناڵ دەست ناكەوێت، ئەگەر ئۆرجیناڵەكەیش هەبێت، نرخەكەی لە 200$ كەمتر نییە و ڕەنگە من بۆ خۆم بەو نرخەیش نەیدەم."ئەو ئاماژە دەدات كە ئەو قسانە دوورە لە ڕاستییەوە كە بەوە تۆمەتبار بكرێن گوایە بە شێوەی قاچاغ فیلمەكان بهێنن. ئەو گوتیشی: "زۆربەی ئەو كوردانەی لە ئەورووپا دەژین، دێن لە لای من بە دەیان فیلمی “هۆڵیوود” دەكڕن، چونكە ئەگەر لەوێ هەیشبێت، نرخەكەی زیاتر لە 100دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی لەوێ یاسایەك هەیە و كەس ناتوانێت فیلمی “هۆڵیوود” لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داونلۆد بكات، چونكە دووچاری سزای یاسایی توند دەبێتەوە.
نابێت ئەویشمان لەبیر بچێت كە زۆربەی خەڵكی ئەوروپا و ئەمەریكا حەزیان لێیە بە شێوەی ئۆرجینال تەماشای فیلمی “هۆڵیوود” بكەن و ئامادەن بە پارەیەكی زۆر فیلمەكە بكڕن."هەر لە هەمان دوكاندا، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵان بە ناوی (خەلیل جەمیل) نیازی كڕینی فیلمی "ئەڤاتاری" هەبوو و بەگوێرەی گوتەی خۆیشی، بەردەوام بۆ كڕینی فیلمی “هۆڵیوود” ڕوو لەو دوكانە دەكات و ئاماژەی دا كە ڕەنگە ئێستا لە ماڵەكەیدا زیاتر لە 200 فیلمی سینەمایی “هۆڵیوود”ـی هەبێت. ئەو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، پێی وابوو نەبوونی هۆڵی سینەما هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی گەنج ڕوو لە كڕێنی ئەو فیلمانە بكەن: "بۆ خۆم زۆر حەز دەكەم لە هۆڵێكی پڕۆفیشناڵدا سەیری فیلمی سینەمایی “هۆڵیوود” بكەم، بەڵام كە ئەو هۆڵە لێرە نەبێت، ئێمەیش ناچارین بە شێوەی كۆپی فیلمەكان بكڕێن، ئەگەرچی لە ڕووی ڕەنگەوە ئەو تاموچێژەی سینەمای نییە، وەلێ هەر لە نەبوون باشترە."ئەو گەنجە پێشنیاز دەكات چەند هۆڵێكی سینەمایی لە هەولێردا بكرێنەوە تاوەكوو ئەوانیش وەكوو گەنجانی دیكەی دنیا، فیلمەكان بە ئۆرجینال ببینن.توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش بە ناوی (هێمن حەمەد) دەربارەی ئەوەی كە ئەو هۆكارە چییە گەنجانی كورد بە لێشاو و بە شێوەی كۆپی ڕوو لە كڕینی فیلمی سینەمایی “هۆڵیوود” دەكەن؟ دەڵێت: "بە شێوەیەكی گشتی فیلمەكانی هۆڵیوود لە هەموو جیهاندا بینەریكی بێوێنەی هەیە و كوردستانیش لەم حاڵەتە بەدەر نییە، ئەمەیش لەبەر جەندین هۆكار، یەك لەوانە ئەوەیە كە فیلمەكانی “هۆڵیوود” لە ڕووی چیرۆك و بابەتەوە بە وردی لەسەر ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزدارییانەی كە مرۆڤی هاوچەرخ بە دەستییەوە دەناڵێێنێت، هەڵوەستە دەكات، مرۆڤ بە سرووشت بوونەوەرێكە ئارەزووی گێڕانەوەی ئەزموونەكانی هەیە، سینەمایش یەكێكە لە ئامرازە كاریگەرەكانی ئەو گێڕانەوەیە."ئەگەرچی لە كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكاندا چەندین فیلم بە شێوەی ژێرنووسی كوردی پەخش دەكرێن، وەلێ بە گوتەی (محەممەد قاسم)، ئەو فیلمانە بینەری كورد تێر ناكەن و ئەو كەناڵانەیش ناتوانن فیلمە تازەكانی “هۆڵیوود” پەخش بكەن، چونكە دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە، بۆیە خەڵكی ڕوو لەوان دەكات. (هێمن)ـی توێژەر پێی وایە، فیلمەكانی “هۆڵیوود” لە ئاستێكی بەرز دایە و دیمەكانی سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشن و خەڵك زۆر جار بۆ پڕكردنەوەی كاتە بەتاڵەكانی خۆی پەنای بۆ دەبات و چێژێكی زۆری لێ دەبینێت.
سایتی ههولێر - كارزان گلی
Source: http://hawler.in
No comments:
Post a Comment